جیاوازی نێوان شارەزایانی پاراستن و ناشارەزایان لە چۆنیەتی مانەوەیان بە پارێزراوی لەسەرهێڵ

لەم ڕۆژگارە تۆ دەتوانیت زۆر ئامۆژگاری دەربارەی پاراستنی سەرهێڵ بدۆزیەوە لە چەند چرکەیەک و ڕۆژانە بەکاریان بێنی. لەگەڵ ئەوەی ئەم کۆمەڵە پەیڕەوکراوانە زۆر دەوڵەمەندن، بەڵام هەردەم بەسوود نین؛ دەشێ زانینی ڕیزبەندکردنیان کارێکی سەخت بێت.

توێژەرانی کۆمپانیای گووگڵ لە توێژینەوەیەکیاندا ڕاپرسیان ئەنجامداوە لەسەر ٢٣١ شارەزای پاراستن و ٢٩٤ بەکارهێنەری ئینتەرنێت کە شارەزای پاراستن نین. هەردوو گروپەکە پرسیاری ئەوەیان لێکرا کە چ کارێک ئەنجام دەدەن بۆ پاراستنی خۆیان لەسەرهێڵ. وێنەکە پەیڕەوکراوەکانی پاراستنی هەردوو گروپ نیشان دەدات.

خاڵی هاوبەش: بەڕێوەبردنی تێپەڕەوشە بەوریایی.

بەڕوونی دیارە کە هەردوو گروپ بەڕێوەبردنی تێپەڕەوشە بە پێشەنگ دەزانن بەڵام بە ڕێگای جیاواز.

شارەزایانی پاراستن بەزۆری پشت دەبەستن بە بەڕێوەبردنی تێپەڕەوشە، ئەو پڕۆگرامانەی کە بەکاردێن بۆ دروستکردن و پاراستن و هەڵگرتنی هەموو تێپەڕەوشەکانی بەکارهێنەر لەیەک شوێندا. شارەزایەک دەڵێت، "پڕۆگرامەکانی بەڕێوەبردنی تێپەڕەوشە هەموو هاوکێشەکە دەگۆڕن، چونکە ئەوان تێپەڕەوشەی بەهێز و بێهاوتا بەرهەم دێنن".

لە بەرامبەردا، تەنها ٢٤%ی ناشارەزایان دەڵێن پڕۆگرامەکانی بەڕێوەبردنی تێپەڕەوشە بەکاردێنین بۆ هەندێک لە هەژمارەکانمان بەراورد بە ٧٣%ی شارەزایان. لە توێژینەوەکە هۆکاری ئەمە دەگەڕێننەوە بۆ نەبوونی ڕۆشنبیری دەربارەی سوودی ئەم پڕۆگرامانە یان کەمی باوەڕبوون بەم پڕۆگرامانە. ناشارەزایەک دەڵێت، "من هەوڵ دەدەم تێپەڕەوشەکانم لەبیربێت چونکە کەس ناتوانێت هاکی مێشکم بکات".


خاڵە جیاوازەکان: نوێکارییەکانی پڕۆگرامەکان و پڕۆگرامی دژەڤایرۆس.

سەڕەڕای هەندێک بەیەکچوون، شارەزایان و ناشارەزایان وەڵامی سەرەکییان بەشێوەی بەرچاو جیاواز بوو.

٣٥%ی شارەزایان و تەنها ٢%ی ناشارەزایان دەڵێن دامەزراندنی نوێکارییەکانی پڕۆگرامەکان لە ڕیزبەندی پێشەوەی پەیڕەوکراوەکانیانن. شارەزایەک دەڵێت، "نوێکردنەوە، نوێکردنەوە، نوێکردنەوە" بەڵام ناشارەزاکان نەک هەر بۆیان ڕوون نییە بەڵکو دوو دڵن لە مەترسییەکانی نوێکردنەوەی پڕۆگرامەکان. ناشارەزایەک دەڵێت، "من نازانم کە ئایا هەردەم نوێکردنەوەی پڕۆگرام کارێکی پارێزراوە. چی ئەگەر زیانەواڵە دابەزێت لەگەڵ نوێکردنەوەی پڕۆگرام؟".

لە ئێستادا، ٤٢%ی ناشارەزایان و تەنها ٧%ی شارەزایان دەڵێن بەکارهێنانی دژەڤایرۆس لە سێ بەرزترین پەیڕەوکراوەکانیانن بۆ مانەوەیان بە پارێزراوی لەسەرهێڵ.


- ڕەسەنێتی دوو هۆکار (Two-Factor Authentication): مەبەست لێی بەستنەوەی هەژمارەکانتە بە ژمارەی مۆبایلەکەتەوە، بەمەش لەکاتی چوونەژوورەوە بۆ هەریەک لەم هەژمارانە پێویستە جگە لە تێپەڕەوشە ئەو کۆدەش داخڵ بکەیت کە ڕاستەوخۆ بە نامە پێت دەگات.

- پڕۆگرامی بەڕێوەبردنی تێپەڕەوشە (Password Manager): ئەو پڕۆگرامانەن کە بەکارهێنەر دەتوانێت تێپەڕەوشەی بەهێز و بێهاوتای تێدا دروست بکات و لەهەمان کاتدا هەموو تێپەڕەوشەکانی لەناوی پاشەکەوت بکات، وەک؛ KeePass و Password Safe ... هتد.


سەرچاوە: بلۆگی گووگڵ بۆ پاراستنی سەرهێڵ




Comments

Popular posts from this blog

ToUnicode زیادکراوەی

AHD Subtitles Maker پڕۆگرامی ژێرنووسکردن

گووگڵ سیاسەتی هەژماری ناچالاکی نوێکردەوە